به سپاس له ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی شنۆ
له ڕوانگه‌ی ئێوه‌وه گه‌ڕیانه ڕووناکبیرییه‌کان له کوردستاندا چۆن پۆلێن ده‌کرێن و تایبه‌تمه‌ندی و مێژووی ئه‌و گهڕیانانه چۆن لێک ده‌ده‌نه‌وه؟
من لام وایه ئه‌م باسه ئه‌وه‌نده به‌ربڵاوه و هه‌ڵگری "قسه"یه که ناکرێ له قالبی کامێنتێک یان کورته وتارێكدا سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی بخرێته ڕوو. به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ به باوه‌ڕی من له ته‌واوی ڕه‌وتی مێژووی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستانا، دایمه په‌یوه‌ندییه‌کی "ئه‌م ئه‌وێتی" له نێوان جه‌ره‌یانه ڕووناکبیرییه‌کان و بزووتنه‌وه سیاسییه‌کاندا هه‌بووه و هه‌ر له ڕوانگه‌ی ئه‌م گریمانه‌وه من جه‌ریانی ڕووناک‌بیری له کوردستاندا به چه‌ند قۆناغ دابه‌ش ده‌که‌م که بێگومان جیاوازیگهلێکیان به یه‌که‌وه هه‌یه که ده‌کرێ له‌وانه ئاماژه به به‌ستێنی ئه‌م قۆناغانه (کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، نیزامی، فه‌رهه‌نگی و...) بکه‌ین یان ئاماژه به‌م که‌سایه‌تییانه بکرێ که ده‌بنه هۆی ساز بوونی جه‌ره‌یانێکی فکری. هه‌ڵبه‌ت با ئه‌مه‌ش بدرکێنم که ئه‌م جه‌ره‌یانانه به زۆر هۆ نه‌یانتوانی "گوتار"ێکی تایبه‌ت به خۆیان سازده‌ن جگه له یه‌ک دوو قۆناغ. بێگومان له‌م نێوه‌دا هه‌ندێ وردهجهرهیانیش هه‌بوون که ئاماژه‌یان پێده‌که‌م.